هەواڵگریی ڕووسیا: ئەمەریکا و بەریتانیا بڕیاری لادانی زێلێنسکییان داوە

دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند: نوێنەرانی ئەمەریکا و بەریتانیا، بڕیاریان داوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە پۆستەکەی دووربخەنەوە و کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دیاریی بکەن.

سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، کەناڵی ئاڕ تی ڕووسی بڵاوی کردەوە، ماوەیەک لەمەوبەر، نوێنەرانی ئەمەریکا و بەریتانیا و چەند بەرپرسێکی ئۆکرانیا، بە نهێنی لە بەرزاییەکانی ئالپ لە ئەورووپا کۆبوونەتەوە و تاوتوێی دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێیان بۆ ئۆکرانیا کردووە.

کەناڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئەندری یەرماک، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی، کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکرانیا و ڤالێری فیدرۆڤیچ زالیوژنی، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە لەندەن ئامادە بوون.

بە پێی کەناڵی ئاڕ تی، لە کۆبوونەوە نهێنییەکەدا، تاوتوێی دوورخستنەوەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئێستای ئۆکرانیا لە پۆستەکەی و دەسنیشانکردنی کەسێکی دیکە کراوە.

لای خۆیەوە دەزگای هەوڵگریی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەمەریکی و بەریتانییەکان بڕیاریان داوە کە ڤالێری فیدرۆڤیچ زالیوژنی، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە لەندەن، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا دەست نیشان بکەن، هەروەها ئەندری یەرماک و زالیوژنی، پشتیوانییان لەو بڕیارە کردووە.

ڤالێری فیدرۆڤیچ زالیوژنی، لە ساڵی 2021 تا 2024 فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بووە، لە 9ـی ئایاری ساڵی 2024 وەک باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا دەست بەکار بووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment