زێلێنسکی: ڕووسیا بە ئەنقەست خەڵکی سڤیل بۆمباران دەکات

وێنەی زیندانە بۆمبارانکراوەکە
وێنەی زیندانە بۆمبارانکراوەکە

 لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا بۆ سەر زیندانێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لانیکەم 20 کەس کوژران. 

سێشەممە، 29ـی تەممووز، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "فڕۆکەکانی ڕووسیا، زیندانێکیان لە هەرێمی زاپۆریژیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا 17 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوونە." 

زێلێنسکی، هەروا نووسیویەتی "هەر لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، ژنێکی دووگیانی تەمەن ٢٣ ساڵ و دوو کەسی دیکە کوژران."

وەزارەتی دادی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "هۆڵی نانخواردنی زیندانەکە وێران بووە و بەشەکانی دیکەی دامەزراوەکە زیانیان بەرکەوتووە، لە هێرشێکدا کە چوار بۆمبی بەهێزی تێدا بەکارهاتووە و لە ئەنجامدا 17 کەس کوژران و 42 کەسی دیکەش بریندار بوون."

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕووسیای بە بۆمبارانی خەڵکانی سڤیل تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند "ڕووسیا زۆر باش دەزانێت ئەو شوێنانەی بۆمبارانیان دەکات، شوێنی سەربازی نین و خەڵکی سڤیلیان تێدایە."

حکوومەتی ڕووسیا، تۆمەتەکانی زێلێنسکی دەربارەی بۆمبارانکردنی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە هیزەکانیان تەنیا پێگە و شوێنە سەربازییەکانیان بۆمباران کردووە.

ئەم هێرشە، ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جەختی لە بێزاریی خۆی بەرامبەر بە پوتن کردەوە و ڕایگەیاند، 10 بۆ 12 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە ڕووسیا بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بنێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل