ڕائید فەهمی: گرووپە چەکدارەکان، نایانەوێت هەرێمی کوردستان پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێزی هەبێت

سکرتێری حزبی شیوعی لە عێراق، دەڵێت: هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەژموونی عێراق دەخاتە ژێر مەترسییەوە و پێویستە بکەرانی ئاشکرا بکرێن.

ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: پێویستە حکوومەتی عێراق ناسنامەی بکەرانی هێرشە درۆنییەکان ئاشکرابکات، بەڵام بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی ئێمە دەیبینین، ئاشکراکردنی ناسنامەی بکەران سیاسییە، پێویستە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو گرووپانە دا هەبێت.

ڕائید فەهمی گوتی: چەند گرووپی چەکداری هەن، لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقن، بۆیە هەندێکجار ئەجێندای لایەنێک لە دەرەوەی عێراق جێبەجێ دەکەن، ئەمە هیچ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر حکوومەتی عێراق هەیە و پێگەی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارییەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ نەکرێن، عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیی و سیاسی ڕووبەرووی مەترسی و قەیران دەکاتەوە، چونکە هێرشە درۆنییەکان لێدانە لە هەموو عێراق، هەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەم هێرشانە لە بابەتێکی ناوخۆیی بکرێتە بابەتێکی نێودەوڵەتیی.

هەروەها باسی لەوەش کرد، ئەو گرووپانە نایانەوێت هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتیی هەبێت، هەربۆیە هێرشی دەکرێتە سەر، ئەگەر حکوومەتی عێراق ترسی هەبوو لە ئاشکراکردنی ناسنامەی بکەران، ئەوا عێراق تووشی ئایندەیەکی نادیار دەبێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment