وەزیری دەرەوەی ئێران: بههۆی سزاكانی ئهمەریكا ناتوانین ڤاكسینی ئەنفلەوانزاش بكڕین
"ئێران هێشتا بەشێکە لە رێککەوتنی ئەتۆمی"

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ بەھۆی گەمارۆكانی ئەمریكا ناتوانن ڤاكسینی ئەنفلەوانزاش بكڕن.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (21-9-2020) لە ئیڤێنتێکی ئۆنلاین، کە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رێکخرابوو قسەی کرد و رایگەیاند "ئەمریكا لە رێکكەوتنی ئەتۆمیدا نەماوە و ناتوانێ قسەی لەسەر بكات".
سەبارەت بە گەمارۆكانی ئەمەریكاش، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بەھۆی ئەو گەمارۆیانە ئەوان ناتوانن تەنانەت بە پارەی خۆشیان ڤاكسینی ئەنفلەوانزا بكڕن.
زەریف جەختی کردەوە لەوەی "ئێران هێشتا بەشێکە لە رێککەوتنی ئەتۆمی.... ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیواخوازە گەلی ئێران بەچۆکدا بکەوێت، بەڵام شکستی هێناوە لە گەیشتن بەو ئەمانجەی".
گوتەکانی وەزیرید دەرەوەی ئێران لەکاتێکدان بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ئەمهریکا گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانی راگەیاند، کە بە میکانیزمی سناپباك ناسراوە. مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا سووربوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی گەمارۆکانی سەر ئێران بە هەنگاوێکی دیکەی ئیدارەی واشنتۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە ناوبرد، هەڕەشەش لەو وڵاتانە دەکات، کە بیانەوێت ببنە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران.
هـ.ر.