ئەلمانیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا ڕێگری لە سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل دەکەن

ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی ڕێگری لە پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا دەکەن، کە بەهۆی گەورەترکردنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە تۆماتبارە.
دیپلۆماتکارانی ئەورووپی بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیایان ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل نەتوانرا بەفەرمی ڕێکبکەون لەسەر بڕیارێک بۆ سەپاندندنی سزا بەسەر ئیسرائیل، ئاماژەیان بەوەش کرد، هەندێک وڵاتی ئەورووپا بەتایبەت ئەڵمانیا داوای کات و لێکۆڵینەوەی زیاتریان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی غەززە، هەروەها چەند شاندێکی نێوا کۆبوونەوەکەش نیگەرانی خۆیان دەربڕی کە ئەم سزایانە زیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەگەیەنێت.
بەگوێرەی یاساکانی یەکێتی ئەورووپا دەرچوونی هەر بڕیارێک، پێویستی بە ڕەزامەندی 15 ئەندامی یەکێتییەکە لەکۆی 27 ئەندامەکە هەیە، کە 65%ی دانیشتوانی یەکێتی ئەورووپا پێکدەهێنن، ئەڵمانیا و ئیتالیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لەو بابەتانە، هاوکات هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا هیچ لارییان نەبووە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا.
دیپلۆماتکاران باسیان لەوەش کردووە، زۆرێک لە شاندەکان پشتیوانی ئەو پێشنیازە دەکەن بۆئەوەی زیاتر فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆیی لە غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئەورووپا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەززە، بەشێکی بەشدارییەکانی ئیسرائیلی لە بەرنامەی توێژینەوەی ئەورووپی ڕاگرتووە.