مەسرور بارزانی: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ گەیشتنە چارەسەری بنەڕەتی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەیمس جێفری کۆبووەوە

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد و رایگەیاند پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/22 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی باڵیۆز جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا و گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

باڵیۆز جەیمس جێفری، رۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەنزیککردنەوەی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بەرزنرخاند و جەختی لە پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە، گوتی "هەرێمی کوردستان بەهۆی هەمەڕەنگی و زیندوویێتی و دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە".

هەروەها سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا، کە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

مەسرور بارزانی جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment