کشتوکاڵی ئاکرێ: هەنجیرە بەناوبانگەکەی ئاکرێ پێگەیشتووە
ساڵی ڕابردوو هەشت هەزار تۆن بەرهەمی هەبووە

کشتوکاڵی ئاکرێ باس لەوە دەکات، هەنجیری دەڤەرەکەیان پێگەیشتووە و خاوەنی 250 هەزار دار هەنجیرن، پسپۆڕێکی خۆراکیش ئاماژە بە سوودە سەرسووڕهێنەکان خواردنی هەنجیر دەکات.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەنجیری ئاکرێ پێگەیشتووە و ڕۆژانە چەندین تۆن دەچێتە عەلوەی ئاکرێ و دهۆک.
فازڵ مستەفا گوتیشی: ئامارێکی دروستمان لە لا نییە لەبارەی بەرهەمی هەنجیری جووتیاران لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئاکرێ باشترین هەنجیری هەیە لە ناوچەکە دا، ساڵی ڕابردوو کۆی بەرهەمی هەنجیر زیاتر لە هەشت هەزار تۆن بووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژە ی بەوە کرد، کەش و هەوا و بە پیتی خاکەکە و هەبوونی ئاو لەو سنوورە هۆکارە بۆ ئەوەی هەنجیری ئاکرێ کوالێتی باشی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی تام و لەزەتێکی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەنجیری هەموو ناوچەکانی دیکە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، جۆرێک لە هەنجیر هەیە لە ناوچەکەیان تاوەکوو وەرزی پاییزیش دەمێنێت و بەرگەی سەرما دەگرێت و هەروەها خاوەنی 250 هەزار بنەدار هەنجیرین لە ئاکرێ.
لە شارۆچکەی ئاکرێ لە دینارتە و بجیل و چەند گوندێکی گردەسێن، بەناوبانگن بە هەنجیر.
لەلای خۆیەوە، دکتۆر بەدر سورچی، پسپۆڕی خۆراک بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: هەنجیر میوەیەکە موعجیزە بۆ ژیان بۆ چەندین سەدە بە نرخە، چونکە تەنیا خواردنێکی شیرین نییە، بەڵکوو میوەیەکی موعجیزە ناودەبرێت بەهۆی دەوڵەمەندی خۆراکی و تایبەتمەندیە دەرمانییەکانی.
بەدر سورچی گوتی: یارمەتیدەرە لە بەڕێوەبردنی کێش و تەندروستی پێست، لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماندوویەتی و کەمخوێنی و هەوکردنی درێژخایەن و لە زۆرێک لە کولتوور و ئایینەکاندا وەک هێمای ژیان و بەخێوکردن و حیکمەت ڕێزی لێ دەگیرێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە دا، هەنجیر یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ دەدات و پاڵپشتی تەندروستی ئێسک دەکات و هەروەها ڕیشاڵی تێربوون زیاد دەکات و یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن دەدات.