حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن

لە هەرێمی کوردستان هەوڵەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ چڕکراونەتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، چەندین کەس سزادراون و بەشێک لەوانیش دەستگیرکراون.
شیڤان سیراجەدین، بەرێوەبەری پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ڕێکخراوی سید، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم هەوڵی زۆری داوە لە رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ژمارەیەک کەسی دەستگیرکردووە و سزای قورسی بەسەر سەپاندوون.
شیڤان سیراجەدین گوتی: وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم چەندین لێژنەی پێکهێناوە بۆ ئەو کەسانەی بەزۆر کار بە منداڵان دەکەن لە ترفیک لایتەکان، هەروەها چەند کۆمپانیایەک سزادراون و داخراون، بەهۆی ئەوەی مافی کرێکاری بیانییان زەوتکردووە یان کاری زیاتر لە کاتەکەیان پێکردووە.
لێدان و سوکایەتی ، ڕفاندن و دەستبەسەرکردن ، تەنانەت کوشتن و دەرهێنانی ئەندامانی جەستەیان ، لەو مەترسیانەن کۆچبەرانی نایاسایی لەکاتی جێهێشتنی وڵاتی خۆیان بەرەو وڵاتێکی دیکە ڕووبەرووی دەبنەوە.
بازرگانی بە مرۆڤ یەکێکە لە ترسناکترین و قێزەونترین ئەو دیاردانەی ، سزاکەی لەهەندێک حاڵەت بۆ بکەرانی تا ڕادەی زیندانی تاهەتایی و تەنانەت لەسێدارەدان دەبێت .
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا ئەمساڵ پێنج هەزار کەس لەهەرێمی کورستان کۆچیان کردووە یان هەوڵیانداوە لەرێگای نایاسایی کۆچ بکەن ،دەیان کەس لەوانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی لیبیا رفێنراون و بەشێکیان تائێستا چارەنوسیان دیارنیە .
پەرلەمانی کوردستان، بە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2018، یاسایی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەی ساڵی 2012 چالاک کردووە.