ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: دەیان کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتی خرانە لیستی سزاکانەوە، کە نەوتیان لە ئێران و ڕووسیاوە بۆ تەواوی جیهان دەگواستەوە.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، کە لە 2018ـەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی سزاکانیان لەسەر ئێران، 12 کەسایەتی، زیاتر لە 70 دامەزراوە و 62 کەشتی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو تۆڕەی کە سزا دراون نەوتیان لە ئێران و ڕووسیاوە بۆ تەواوی جیهان دەگواستەوە هەروەها تۆڕەکە چەندین ملیار دۆلاریان بۆ حکوومەتی ئێران بەدەست دەهێنا.
گەنجینەی ئەمەریکا، ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێک لە کەشتییەکانی تۆڕەکە مووشەک و کەرستەی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ڕووسیا دەگواستەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 9ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا 21 دامەزراوەی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەی، خستە لیستی سزاکانیەوە.