سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵی شارێکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند

سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، شاری 'چاسیڤ یار'یان کۆنترۆڵکرد، کە بنکەیەکی سەرەکی سەربازیی ئۆکرانیایە لە ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ڕووسیا چاسیڤ یاریان "ئازادکرد" کە چەند مانگێکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی بەرفراوان.

ڕووسیا لە شوباتی 2022دا، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەرفەتی 10 ڕۆژی بە ڤلادیمێر پوتن دا، بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان یانیش سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنێت.

حکوومەتی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکە چڕتر کردووەتەوە و هەندێکجار بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دەهاوێژێت. هەروەها بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن: لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ شەش کەس کوژران.