وەزارەتی دەرەوەی سووریا: پوتن پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سووریا دووپات کردەوە

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: دیداری مێژوویی نێوان پوتن و شەیبانی، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی لێکتێگەیشتنی سیاسی و سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتە.

پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە مۆسکۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی (کرێملین) پێشوازیی لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کرد. 

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: دیداری مێژوویی نێوان هەردوولا دەستپێکی قۆناغێکی نوێی لێکتێگەیشتنی سیاسی و سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتە، کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی سووریا و پشتیوانیکردن لە یەکگرتوویی خاکی وڵاتەکەیە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، پوتن جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی ئیسرائیل یان هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی سووریا کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوەش کرد، پوتن پابەندبوونى مۆسکۆى بۆ پاڵپشتیکردنى سووریا لە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە دووپات کردووەتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سووریا، پابەندبوونی سووریای بە ڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردووەتەوە.

پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گیشتە مۆسکۆ، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل