دۆناڵد ترەمپ باج لە سەر عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە دەسەپێنێت

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری جێبەجێکردنی باجی لەسەر چەند وڵاتێک ئیمزا کرد کە ئەمریکا پێی وایە هاوسەنگی بازرگانی وڵاتەکەیان تێکداوە، لەنێو ئەو وڵاتانەش، عێراق هەیە.

 کۆشکی سپی ئەم هەنگاوەی سەپاندنی باج، بە "داڕشتنەوەی سیستەمی بازرگانی جیهانی لە بەرژەوەندی  کرێکارانی ئەمریکی" وەسف دەکات.

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی، ئەم باجانە لە 7ـی ئابەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، واتە حەوت ڕۆژ دوای بڕیارەکە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: باجە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئەم وڵاتانە بەڕێژەی سەدا 10 بۆ سەدا 41 دەبێت، جگەلە بەرازیل کە باجی گومرگی سەری گەیشتووەتە سەدا 50.

باجە گومرگییەکان بەو شێوەیە دەبێت:

ئوردن سەدا 15

تونس سەدا 25

جەزائیر و لیبیا سەدا 30

عێراق سەدا 35

سووریا سەدا 41

بەڵام ئەو وڵاتانەی ڕێککەوتنی بازرگانی دوولایەنەیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، پابەند دەبن بەو باجانەی کە لەو ڕێککەوتنانەدا هاتوون، زۆرینەی ئەم وڵاتانەش باجی گومرگی لە نێوان سەدا 10 بۆ 15 بە ئەمەریکا دەدەن، ئەوانیش بەم شێوەیە.

سەدا 10 بۆ کەلوپەلی بەریتانیا

سەدا 15 لەسەر یەکێتی ئەوروپا و ژاپۆن و کۆریای باشوور

سەدا 25 لەسەر هیند

سەدا 30 لەسەر باشووری ئەفەریقا

سەدا 35 لەسەر سربیا

سەدا 39 لەسەر سویسرا

سەدا 40 لەسەر لاوس

سەدا 50 لەسەر بەرازیل.

ئە باوجە گومرگییانە ناڕەزایی کۆمپانیاکانی لێ کەوتووەتەوە کە کاڵاکان بۆ ئەمەریکا هەناردە دەکەن، باجەکە کەنەداشی گرتووەتەوە کە ترەمپ سەدا 25 بۆ سەدا 35ـی لەسەر زیادکردووە، بەتایبەت لەسەر ئەو بەرهەمانەی کە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتدا نین.

زۆرێک لەو وڵاتانەی ئاسیا کە پشت بە بازاڕی ئەمەریکا دەبەستن، دڵخۆشی خۆیان نیشانداوە بەرانبەر باجە گومرگییە نوێکانی ئەمەریکا، لەوانەش کەمبۆدیا و تایلاند کە باجی سەریان بەڕێژەی سەدا 36 بۆ سەدا 19 لەلایەن ئەمەریکاوە کەم کراوەتەوە.

تایوانیش دەخوازێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا بکات و ئەو ڕێژە باجە کە سەدا 20ـە لەسەری، کەم بکاتەوە بۆ ڕێژەیەکی کەمتر لەوە.