کەشناسی عێراق: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و خۆڵبارینیشی لەگەڵە
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی کەشوهەوای سبەی و ڕۆژانی داهاتووی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: شەپۆلی خۆڵبارین دەست پێ دەکات و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئابی 2025، دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاندووە، سبەی شەممە، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکور و باشوور هاوشێوەی یەک دەبن و لە ناوچەی ناوەڕاستیش کەمێک بەرزتر دەبنەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ، شەممە، بەم شێوەیە دەبێت.
دهۆک و سلێمانی 42 پلە سیلیزی دەبن، هەولێر 43 پلە دەبێت، واست و بابل 47 پلە، هەروەها بەسرە 50 پلەی سەدی."
دەستەکە ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ، پلەکانی گەرما بەگشتی وەک ڕۆژانی پێشوو دەبن، بای باکووری ڕۆژئاوا بە خێرایی مامناوەند لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ هەندێک هەور لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی باکوور، پلەکانی گەرما بە گشتی هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو دەبن، هەروەها بای باکووری ڕۆژئاوا بە خێرایی مامناوەند لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی تۆز و خۆڵ".
ڕوونیشیکردەوەتەوە، "رۆژی سێشەممە هەندێک هەور لە ناوچەی باکوور دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەگشتی.