جووتیارانی ئاکرێ دەست بە ڕنینی سماق دەکەن

له سنووری ئاكرێ، دەست بە چنینهوهی سماق کراوە، بەرهەمی سماقی ئەم ساڵی دەڤەرەکە بە هەموو جۆرەکانی زور بەباشی پێگەیشتوە و خواستێکی زوریشی لەسەرە.
هەینی، 1ـی ئابی 2025، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەم دەڤەرە خاوەنی سێ ملیۆن بنەداری سماقە و لەسەر ڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی چێندراوە، بەشی زۆری سماقی دەڤەرەکە کەوتووەتە شارەدێی دینارتە.
ماوەی دوو هەفتەیە بەرهەمی سماق لە ئاکرێ پێگەیشتووە و جوتیاران دەست بە ڕنینی دەکەن، نەفیر باقی،جووتیاری سنوورەکەیە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرهەمی سماقی ئەمساڵ زۆرباشە و خواستی هاووڵاتییانی زۆر لەسەرە، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو باشتربێت و چەند جۆرێکی سماق لە دەڤەرەکە دا هەن.
ئەو جوتیارە باس لەوە دەکات، سماقی سپی کیلۆی بە شەش هەزارە و سماقی سۆر لەنێوان سێ بۆ چوار هەزار دینارە، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵی سماقی دەڤەرەکەیان بگاتە سهرووی پێنج هەزار تۆن.