بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئێران هۆشداری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەدات

عەلی ئەکبەر ساڵحی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، پێشبینیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەناکاوی سەربازی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکات، داواش لە وڵاتەکەی دەکات ئامادەکاری تەواو بۆ هەر سیناریۆیەک بکەن.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە وا دابنێین کە سبەی ڕۆژی شەڕە، پشتگوێخستنی ئەم ئەگەرە هەڵەیەکی گەورەیە، لەناکاویش بەشێکە لە سروشتی شەڕ، تەنانەت ئەگەر ناڕەواش بێت.
ساڵحی ئاماژەی بەوەش دا، لێدانی لە ناکاو بەشێکی دانەبڕاوە لە یاساکانی شەڕکردندا، گوتیشی: "لایەنی بێ ئاگا ئەوەیە کە یەکەمجار لێی دەدرێت، ناتوانین چاوەڕێی لێدانی تەپڵ بین بۆ ئەوەی ئامادەیی خۆمان ڕابگەیەنین، دەبێت هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین."
ساڵحی باسی لەوەش کرد، پێویستە هەماهەنگی لە نێوان ئاستی سیاسی و سەربازیدا هەبێت و پێویستە هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشیدا بن، بەبێ گوێدانە ڕەوتە سیاسییەکان، دەشڵێت، "دەبێت هێزە چەکدارەکان لە حاڵەتێکی ئامادەیی تەواودابن، شەڕ بە ڕاگەیەندراو دەست پێناکات، بەڵکو لە ساتێکی لە ناکاودا دەست پێ دەکات."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.