حازم محەممەد: قۆناغی چوارەمی پڕۆژەی ڕووناکی لە دهۆک دەستی پێکرد
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک لە بارەی پرۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری شاری دهۆک ئاماژەی دا، لە پێنج مانگی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا نزیکەی 30 گەڕەک لە نێو شار کارەبای 24 کاتژمێرییان پێگەیشتووە و 310 مۆلیدەش کوژێنراونەتەوە.
شەممە 2ـی تەممووزی 2025، حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی گوت: قۆناخی چوارەمی پرۆژەی ڕووناکی لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد، کە نزیکەی 14 گەڕەک لە خۆ دەگریت، بەمەش تاوەکوو ئێستا نزیکەی 30 گەڕەک و چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە دهۆک لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کارەباکەیان بووەتە 24 کاتژمێری، واتە بە ڕێژەی 68% پرۆژەی ڕووناکی لە نێو شاری دهۆک جێبەجێ کراوە و کارەبای 24 کاتژمێری دابین کراوە.
باسی شی لەوە کرد، بڕیارە بەر لە کۆتایی ساڵ، پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە هەموو گەڕەک و ماڵێک لە نێو سەنتەری شاری دهۆک.
لە بارەی ژمارەی ئەو مۆلیدانەی کە لە دهۆک کوژێنراونەتەوە ئاماژەی دا، لە ئەنجامی دەستپێکردنی قۆناخی چوارەمی پرۆژەی ڕووناکی، واتە لە 27ـی ئادار تاوەکوو ئێستا نزیکەی 310 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە، گوتیشی: بە شێوەیەکی گشتی هاووڵاتییان بە پرۆژەی ڕووناکی دڵخۆشن و پێشوازی لە پرۆژەکە دەکەن.
پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، پرۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان پێگەیشتووە، واتە ئێستا بە ڕێژەی 40%ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، هاوکات لە دهۆک 288 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەکە سوودمەندبوونە.