ڕوونکردنەوە لەبارەی سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری تابلۆی ناوخۆ و دەرەوە دەدرێت
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، هەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات، هەڵگری هەر جۆرە تابلۆیەک بێت، سزا دەدرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەشێک لە خەڵك پێیانوایە، سزای سەرپێچی شۆفێر تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە، کە هەڵگری تابلۆی ناوخۆیین، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە. هەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش بێت و لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات؛ هاوشێوەی ئۆتۆمبێلەکانی ناوخۆی هەرێم، سزا دەدرێت."
لەبارەی چۆنییەتی وەرگرتنەوەی پارەی سزای سەرپێچی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە، عەقید هێمن ئەمین ڕوونیکردەوە، هۆبەیەکی تایبەتیان هەیە و پێویستە لەوێ ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن، ئەگەر سزایان لەسەر بێت، دەبێت پاکتاوی بکەن.
عەقید هێمن ئەمین باسی لەوەش کرد، هەر هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستانەوە بە تابلۆی ناوخۆ بچێتە پارێزگایەکی عێراق و سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات، لە سیستەمی هاتوچۆی هەرێم تۆمار دەکرێت و دواتر دەبێت پارەکەی بدات.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆکانی دەرەوەی عێراقن، لە کاتی گەڕانەوەیان لە خاڵە سنوورییەکان، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر سەرپێچیان کردبێت، سزادەدرێن و پارەکەیان لێ دەسەنرێتەوە.