سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: سەرجەم ئەو تابلۆ و ڕێکلامانەی به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هه‌ڵواسراون لێدەکرێنەوە

ڕێکلامێکی هەڵواسراو بە دیوارێکدا
ڕێکلامێکی هەڵواسراو بە دیوارێکدا

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ جوانترکردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شۆستە و شەقامەکان، هەڵمەتی لێکردنەوەی ئەو تابلۆ و ڕیکلامانە دەستپێکردووە، کە لە شەقامە گشتییەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی هەڵواسرابوون.

یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی شۆستە، شەقامەکان و جوانترکردنی سیمای شار، هەڵمەتێکی بۆ لابردنی زێدەڕۆیی و لێکردنەوەی تابلۆ و ڕێکلامی نایاسایی سەرشەقامەکان لە تەواوی شار، دەستیپێکردووە و بەردەوامە."

 سەرۆکی شارەوانیی هەولێر باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، هەموو ئەو تابلۆ و ڕیکلامانەی، کە لە شەقامە گشتییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی هەڵواسراو بوون، لێکراونەتەوە.

 ئاماژەی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد "خاوەن کار، کۆمپانیا، قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە نابێت هیچ تابلۆ و ڕێکلامێک هەڵبواسن، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانمان بێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە."