هەسەدە: هێزێکی سەر بە حکوومەتی سووریا هێرشیان کردە سەرمان

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دەستدرێژییە بەردەوامەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق هەڕەشەیەکی جددی لەسەر سەقامگیری سووریا دروست دەکات، دەشڵێت، ئێستا هێزەکانمان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بە تەواوی ئامادەن و حکوومەتی سووریاش لە هێرشەکان بەرپرسیارە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ناکۆکییەکانی دێر حافر ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئابی 2025 لە کاتژمێری 03:00 بەرەبەیان، هێزێکی سەر بە حکوومەتی دیمەشق لە گوندی ئیمام لە ناوچەی دێر حافر لە چوار لاوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان. ئاماژەشی داوە، بۆ ماوەی 20 خولەک هێزەکانمان بۆ بەرگری لە خۆیان بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
هەسەدە جەختیشی کردووەتەوە، ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە کە بە مەبەست دەکرێت، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جددی لەسەر سەقامگیری سووریا. بۆ ئەمەش حکوومەتی دیمەشق بە تەواوی بە بەرپرسیار دەزانین و دووپاتیشی دەکەینەوە کە هێزەکانمان ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک بۆ جێبەجێکردنی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان ئامادەینە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، لە منبج گرژی و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی بەرگریی سووریا دروست بوو، هاوکات ئەو دوو لایەنە بە دەستپێکردنی گرژی و ناکۆکییەکان یەکدییان تۆمەت بار کرد.