دوای برسیەتی، چەند نەخۆشیەک بەرۆکی دانیشتوانی غەززەی گرتووە

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، هۆشدارییەکەش دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشی 'گویلان بارێ' هات، ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەمە تەنیا حاڵەتی مردن نیە، بەڵکو هۆشداریدانە لە کارەساتێکی ڕاستەقینە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیە گوازراوەکان."

ئەیمەن ئەبوڕەحمە، بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی خۆپارێزی لە وەزارەتی تەندروستی لە غەززە بڵاویکردووەتەوە، لە پێش جەنگی غەززە، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە، ساڵانە زۆرترینی چوار یان پێنج کەس بووە، بەڵام لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی 64 حاڵەتی تۆمارکردووە، کە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە دوو منداڵ و ژنێکی تەمەن 60 ساڵ بوون.

هەروەها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، شەش حاڵەتی نوێی مردنی بەهۆی برسیەتی و بەدخۆراکی تۆمار کردووە، ئاشکراشی کردووە، لەسەرەتای جەنگەوە کۆی گشتیی ئەوانەی بەهۆی برسیەتیەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 180 کەس بەرزبووەتەوە کە 93یان منداڵن.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە تا ئێستا زیاتر لە 80 فەڵەستینی کوژراون، کە 39 کەسیان لە خاڵەکانی دابەشکردنی خۆراک کوژراون.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە گیران، دواتر ئیسرائیل هێرشیکی بەرفراوانی کردە سەر غەززە و هەموو شوێنێکی غەززەی بۆردومان کرد.

بەگوێرەی دەزگای ئاماری فەڵەستین، لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە تاوەکوو ئێستا 60 هەزار و 933 کەس کوژراون و زیاتر لە 150 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە لەنێو کوژراواندا 18 هەزار و 592 منداڵ و 12 هەزار و 400 ئافرەتی تێدایە، هەروەها 1411 کارمەندانی پزیشک کوژراون، ژمارەی بێسەروشوێن بووانیش گەیشتووەتە 11 هەزار و 200 کەس. 

 
 
Fly Erbil Advertisment