کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: 70 کاندید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی کۆمیسیۆن 199 کاندید گۆڕانکاریان پێکراوە و 70 کاندیدی دیکەش لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دوورخراونەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی وردبینی بۆ ناو و سیڤی کاندیدان کۆتایی هاتووە؛ 199 کاندید ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، بەشێکیان بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن و بەشێکیشیان کاندیدی ئافرەتیان لە شوێن دانراوە.
غەلای گوتیشی: جیا لە کاندیدە گۆڕاوەکان، دوای وردبینی، 70 کاندید لە پرۆسەی کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە، چونکە وردبینی و مەرجەکانی کاندید بوونیان نەبووە.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، لە نێو ئەو کەسانەی کە دوورخراونەتەوە یاخود ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، شەش کاندیدیان سەربەخۆن، شەشی کەسی دیکەیان مەسیحین، هەروەها 97 کاندیدی دیکە بەهۆی نەبوونی بڕوانامە، دوورخراونەتەوە و کاندیدی دیکە لە شوێنیان دانراوە.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، غەلای گوتی: پلانی ڕاهێنانمان بە فەرمانبەرانی بنکەکانی تۆمار کردووە، لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
هاوکات ڕۆژی شەمە، 9ـی ئابی 2025، تیروپشکی دیاریکردنی ژمارەی قەوارە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت، ڕۆژی دواتریش پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ئامادەکاریی تەکنیکی، بۆ ئەوەی ڕۆژی دەنگدان هیچ گرفتێک نەیەتە ڕێگەمان.
ئەنجوومەنی وەزیران، ڕۆژی 11ـی تشرینی تشرینی دووەمی 2025ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی سەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە، کە تێیدا بە هەزاران کاندیدی حزب و لایەنە جیاوازەکان کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی دەکەن.