عراقچی: پشتیوانی لە حزبوڵڵای لوبنانی دەکەین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان شکست دەهێنێت و دەشڵێت: "پشتیوانی حزبوڵڵای لوبنان دەکەین لە ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ داماڵینی چەک".
وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، "تاران بەبێ دەستێوەردان پشتیوانی لە حزبوڵڵا دەکات".
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدان بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا بابەتێکی نوێ نییە، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی هاوشێوە دراوە، هۆکارەکانیشی بەباشی دیارە، چەکەکانی حزبوڵڵا کاریگەریی خۆی بۆ هەمووان لە بەرەکانی شەڕ سەلماندووە.
عراقچی دەڵێت: هەڵوێستی پتەوی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا و دەرکردنی بەیاننامەیەکی توند، ئەوە نیشان دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە بەرگەی فشارەکان دەگرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە، "ڕیزەکانی حزبوڵڵا ڕێکخراونەتەوە" و گوتیشی: "ئەم گرووپە خاوەنی توانا و هێزن بۆ بەرگریکردن لە خۆی".
عراقچی ڕاشیگەیاند، "بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە ئەستۆی خودی حزبوڵڵایە و ئێرانیش وەک لایەنێکی پشتیوان پشتگیریی لێدەکات بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکات".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارەکانی حکوومەتی نەواف سەلام، دەرئەنجامی هەوڵەکانی تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بووە.
هاوکات بڕیارەکەی حکوومەتی لوبنانی بە پێشێلکردنی بەیاننامەی وەزاری زانی و وازهێنانی وەزیرانی حزبوڵڵا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران بە دەربڕینی ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارە زانی.
باس لەوەش کراوە، بڕیارەکەی حکوومەت، سەروەری لوبنان تێکدەدات و دەستێکی ئازاد دەدات بە ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەتی لوبنان وەک ئەوەی بوونی نەبێت مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.