چین..پردێکی هەڵواسراو ڕووخا و پێنج کەس مردن

کێبڵی پردێکی هەڵواسراو لە هەرێمی شینجیانگی باکووری ڕۆژئاوای چین، پچڕا و لە ئەنجامدا پێنج کەس لەسەر پردەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مردوون.
پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، ئاژانسی فەرمی چین 'شینهوا' ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پچڕانی کێبڵی پردێکی هەڵواسراو، لە هەرێمی شینجیانگ، پێنج کەس مردوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی شینهوا، ڕووداوەکە کاتژمێر 6:18ی ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە لە ناوچەیەکی گەشتیاری لە پارێزگای ئیلی قەزاقی خۆبەڕێوەبەر ڕووی داوە و بووەتە هۆی مردنی پێنج کەس و برینداربوونی 24 کەسی دیکە.
شینهوا، ئاماژەی بەوەش داوە، ناوچە گەشتیارییەکە داخراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، پردێکی هەڵواسراوی نزم پیشان دەدەن کە بەلایەکدا لار بووەتەوە و کێبڵەکەی پچڕاوە و بەسەر زەوییەکەدا شۆڕ بووەتەوە.
وێنەکان هەروا، دیمەنی چەند کەسێک نیشان دەدەن کە لەژێر پردەکەدا کەوتوون و لەوە دەچێت بریندارانی ڕووداوەکە بن.
شینجیانگ، یەکێکە لە هەرێمەکانی چین و ناوچەیەکی سروشتی سەرنجڕاکێشی گەشتیارییە و پاشماوەی شارێکی کۆنیشی تێدایە.