جرجێکی ئەفریقی مەدالیایەکی ئاڵتوونی جیهانی بردەوە
بە پاڵەوان ناوی دەرکردووە
K24- هەولێر:
جۆرە جرجێکی (جورج) گەورەی ئەفریقی، خەڵاتێکی رێزلێنان کە مەدالیایەکی ئاڵتوونە پێی بەخشرا، ئەمەش لە پای ئەوەی رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دۆزینەوەی کێڵگەی مین و تەقەمەنییەکان.
جرجەکە بە ناوی ماگاوا، تاوەکو ئێستا 39 کێڵگەی مین و 28 تەقەمەنی جۆراوجۆری دۆزیووەتەوە.
رێکخراوی پی دی ئێس ئەی بەریتانی خەڵاتەکەی داوەتە جرجەکە، بەوەی هاوکاری زۆری کردوون لە دۆزینەوەی کێڵگەکانی مین لە وڵاتی کەمبۆدیا.
ماگاوا یەکەم جرجە ئەو خەڵاتە دەباتەوە و ئەو جۆرە جرجەش لە ئەفریقا بە جرجە پاڵەوانەکان دەیان ساڵە ناویان دەرکردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، ماڵپەڕی فەرمی رێکخراوەکە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکەی بە شێوەی راستەوخۆ گواستەوە.
ئەو جۆرە جرجانە راهێنانیان پێکراوە لە رێگای بۆنکردنی چەند ماددەیەکی کیمیایی ناو تەقەمەنییەکان، تەقەمەنییەکان بدۆزنەوە و لە هەندێک ئامێری دۆزینەوەی تەقەمەنییەکان، خێراتر و دروستر کارەکانیان دەکەن.