کارەبای سۆران: ژمارەیەکی زۆری گوندنشینان سیستەمی وزەی خۆر بەکاردەهێنن

بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ئاماژە بەوە دەکات، لە ئایندەیەکی نزیکدا، کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاووڵاتییان ڕوویان لە بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر کردووە بۆ ماڵەکانیان، بەتایبەتی لە سنووری بارزان، مێرگەسۆر و باڵەکایەتی.
ئەردەوان ئیبراهیم گوتیشی: بەشی زۆری گوندنشینان وزەی خۆر بەکاردەهێنن بۆ ماڵەکانیان، چونکە لە گوندەکان مۆلیدەی ئەهلی نییە، 12 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی خەرجی زیاتریان لەسەر تۆماربکرێت بەکاریدەهێنن.
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام پشتگیریی هاووڵاتییان دەکەین بۆ ئەوەی ڕوو لە سیستەمی وزەی خۆر بکەن.
دەربارەی پرۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، کارەبای 24کاتژمێر گەیشتووەتە چەند گەڕەکێکی ناو سەنتەری سۆران، بەڵام هەندێک کاری تەکنیکی ماوە، سەرەڕای ئەوە تاوەکوو مانگی تشرینی یەکەم دەگاتە تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
پێشووتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو: لە 81 قوتابخانە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوك و ئیدارە سەربەخۆکان، سیستەمی کارەبای وزەی خۆری داناوە.
ئامانج لە دانانی ئەو سیستەمە دابینکردنی کارەبایە بە شێوەی 24 کاتژمێری بۆ قوتابخانەکان، لەو ڕێگەیەوە قوتابخانەکان پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نامێنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیار دیناری تەرخان کردووە، تا 76 قوتابخانەی دیکە بە هەمان سیستەم کارەبایان بۆ دابین بکرێت، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تاکوو تەواوی قوتابخانەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان سیستەمی کارەبا بە وزەی خۆریان بۆ دابین دەكرێت.