سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: کێشەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان چارەسەر بوون
کێشەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بە نێوەندگیری چەند کەسایەتییەکی وەرزشی بەرەو چارەسەر بوون دەچێت و وابڕیارە ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر چۆنییەتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یارییەکانی ئەم وەرزە بدرێت.
سەرچاوەیەک لە نێو ئەو چەند وەرزشوانە دێرینەی کە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان هەڵساون، بە کوردستان24ی راگەیاند 'دوای 20 رۆژ هەوڵدان و نێوەندگیریکردن لە نێوان سەرۆک و جێگر و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دواجار دوێنێ شەممە هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن و بە ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی وەرزشی رێکەوتنەکەیان واژۆ کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیارەکانی ئەو رێککەوتننامە دەچیتە بواری جێبەجێکردن'.
کوردستان24 زانیویەتی دوو پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تۆپی پێی کوردستان کراوە و ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی یەکێکیان دەدرێت، یەکەمیان ناساندنی یانەی نەورۆزە وەکو پاڵەوانی وەرزی 2019-2020 بەبێ ئەوەی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر یانەی پاڵەوان بکرێت و هیچ یانەیەکیش دانەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان، پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزە هەڵبوەشێنرێتەوە و هیچ یانەیەک وەکو پاڵەوانی خولەکە نەناسێنرێت، بەڵکو دان بە ریزبەندیی خولەکە دابنرێت کە نەورۆز یەکەمی خولەکە بوو، بەبێ ئەوەی هیچ یانەیەک دابەزێنرێتە ریزی یانە پلە یەکەکان.
دوای زیاتر لە حەوت مانگ وابڕیارە ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامەکانی لە هەولێر بەڕێوە بچێت و ئەنجامی هەردوو کۆبوونەوەکەی پێشوویان هەڵبوەشێننەوە، کە سەرەتا جێگر و چەند ئەندامێکی فیدراسیۆنەکە بڕیاریان دا نەورۆز ببێتە پاڵەوانی ئەم و وەرزە هیچ یانەیەک دانەبەزێت، دواتر سەرۆک و چەند ئەندامێکی فیدراسیۆنەکە بڕیاریان دا هیچ یانەیەک نەکرێتە پاڵەوان و ئەم وەرزەی خولەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.