ئەمەریکا پاداشتی دەستگیرکردنی مادۆرۆ دوو هێندە دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو پاداشتەی لە سەرەتای ئەمساڵدا پێشکەشی کردبوو بۆ گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کە لەلایەن داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەمەریکاوە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە داواکراوە، دوو هێندە زیادکرد بۆ 50 ملیۆن دۆلار.

پام بۆندی، داواکاری گشتیی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی؛ "ئەمڕۆ وەزارەتەکانی داد و حکوومەت خەڵاتی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو زانیارییانە ڕادەگەیەنن کە دەبنە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ".

لە 10ـی کانوونی دووەمی 2025 ، 10 ڕۆژ پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە "ساختەکردن و ناشەرعی"ـی دەستبەکاربوونی مادۆرۆی شەرمەزار کرد، کە شەش مانگ پێشتر لە هەڵبژاردنێکدا دووبارە هەڵبژێردرایەوە واشنتنیش ڕەتیکردەوە بە شەرعی بناسێت.

هەر لەو ڕۆژەدا وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێیان بەسەر کاراکاسدا سەپاند و پاداشتی دەستبەسەرداگرتنی مادۆرۆیان لە 15 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 25 ملیۆن دۆلار زیادکرد. ئەو خەڵاتە داراییە پێشکەشی ئەو زانیاریانە دەکرێت کە یارمەتی ئەمەریکا دەدات سەرۆکی ڤەنزوێلا بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵی دەستگیر بکات و دادگایی بکات.

ئەم تۆمەتانە بریتین لە بەشداریکردن و هاوبەشیکردن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرە نێودەوڵەتییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، لە کۆتایی خولی یەکەمی ترەمپ.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا و نووسینگەی داواکاری گشتیی ناوچەی فیدراڵی لە نیویۆرک، مادۆرۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە پشت هاوپەیمانێتییەکەوە بووە کە پێدەچێت لە ماوەی دوو دەیە سەدان تۆن مادەی هۆشبەری ناردووە بۆ ئەمەریکا، کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، داواکاری گشتیی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا گومانیان لەم هاوپەیمانە هەیە، هاوکاریی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆلۆمبیا (فارک) بکات، کە واشنتن بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت.

وەزیری ڤەنزوێلا هەروەها سەرۆکی ڤەنزوێلای بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ترێن دی ئاراگوای ڤەنزوێلا و سینالوای مەکسیک تۆمەتبار کرد. لای خۆیەوە کاراکاس بڕیارەکەی واشنتنی بۆ زیادکردنی ئەو پاداشتەی کە پێشکەشی دەستگیرکردنی مادۆرۆ دەکات بۆ 50 ملیۆن دۆلار ئیدانە کرد و بە "بەزەییدار" و "پێکەنیناوی" وەسفی کرد. 

ئیڤان گیل، وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی؛ "ئەم پاداشتە بەزەییدارە، گاڵتەجاڕترین پاداشتە کە تا ئێستا بینیومانە".