حکوومەتی هۆڵەندا: دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نانێین

حکوومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاند، لەم کاتەدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نانێین، ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، ئاسایشی ئیسرائیل تێکدەدات.

کاسپار ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە لیدوانێکیدا سەبارەت بە غەززە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: هۆڵەندا پلانی نییە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت لەم کاتەدا.

هەروەها وەزیرەکە بانگەوازەکانی ڕاگرتنی هاوردەکردنی چەک لە ئیسرائیل ڕەتکردەوە و گوتی: هۆڵەندا ئەولەویەتی سەرەکی داوە بە کڕینی چەک لە ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەش کرد، هۆڵەندا پێشتر هەنگاوی گرنگی ناوە، لەنێویاندا قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دوو وەزیری ئیسرائیل.

گوتیشی: ئەم شەڕە چیتر شەڕێکی دادپەروەرانە نییە و ئاسایش و ناسنامەی ئیسرائیل تێکدەدات.

هەڵوێستی هۆڵەندا جیاوازە لەگەڵ هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ناتۆ، دیارترینیان فەرەنسایە کە لە مانگی ئەیلوولدا ڕایگەیاندووە، دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.

ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دا، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، بێ بەرهەم دەبێت و لە کاتێکی هەڵەدا بەڕێوە دەچێت. ئاماژەشی داوە، ئەو کۆنفرانسە بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی هەیە، ئەمەش هەنگاوەکان بۆ ئاشتی قورستر دەکات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵنەرە دیپلۆماسییە تیرۆریست پاداشت دەکات، هەروەها بەڵێنی دان پێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە خزمەت بە دوژمن دەگەیەنێت.

پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.

هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەی دوو دەوڵەتی بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین داوە. 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment