هەنجیری ئاکرێ هەناردەی ئەورووپا کراوە

هەنجیر و ترێی ئاکرێ پێگەیشتووە و لە ڕۆژانی هەینی لە بازاڕی کۆنی ئەو شارۆچکەیە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی دەکەن.
خالید ئەحمەد، چەندین ساڵە لە عەلوەی کۆنی ئاکرێ، هەنجیر دەفرۆشێت، بە ئاری حوسێن پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: کواڵێتی هەنجیری ئەمساڵ زۆرباشە و بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران، هەروەها ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی پاریزگای هەولێر و سلێمانی تایبەت بۆ کڕینی هەنجیر سەردانمان دەکەن و بەشێک لەوان بۆ دروستکردنی مرەبا دەیکڕن.
خالید ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ هەنجیریمان هەناردەی سوید و بەریتانیا و دانیمارک کردووە، بەشێوەیەکی باش دایدەپۆشین، چونکە هەنجیر بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکە بەرگەی کەمتر دەگرێت.
ئەو فرۆشیارە باس لەوە دەکاتەوە، نرخی کیلۆیەک هەنجیر لە نێوان چوار بۆ هەشت هەزار دینارە.
پێشووتریش بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژەی بەوە دابوو، کەش و هەوا و بە پیتی خاکەکە و هەبوونی ئاو لەو سنوورە هۆکارە بۆ ئەوەی هەنجیری ئاکرێ کوالێتی باشی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی تام و لەزەتێکی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەنجیری هەموو ناوچەکانی دیکە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، جۆرێک لە هەنجیر هەیە لە ناوچەکەیان تاوەکوو وەرزی پاییزیش دەمێنێت و بەرگەی سەرما دەگرێت و هەروەها خاوەنی 250 هەزار بنەدار هەنجیرین لە ئاکرێ.
لە شارۆچکەی ئاکرێ لە دینارتە و بجیل و چەند گوندێکی گردەسێن، بەناوبانگن بە هەنجیر.


