وادەی دەستپێکردنەوەی چاڵاکییەکانی وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان راگەیاندرا
رۆژی 26ی نۆڤێمبەر وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کۆتایی بە کێشەکانی هێنا و وادەی دەستپێکردنەوەی چاڵاکییەکانی وەرزی نوێی بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامانی فیدراسیۆنەکە راگەیاند.
دوای کۆبوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە بارەگای فیدراسیۆنەکە، سەفین کانەبی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی چاڵاکییەکان رایگەیاند 'رۆژی 26/11/2020 وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات، رۆژی 30/11/2020 وەرزی نوێی خولی پلە یەکی کوردستان دەستپێدەکات، وەرزی نوێی خولی فوتساڵی خانمانیش رۆژی 13/11/2020 دەستپێدەکات'.
سەفین کانەبی گوتیشی 'رۆژی 27/11/2020 وەرزی نوێی خولی تازەپێگەیشتووان بەڕێوە دەچێت و لە هەفتەکانی داهاتووش قسە لەبارەی دەستپێکی خولی پلە دووەکان و سێیەکان دەکەین، هەروەها هەفتەی داهاتوو دوای قسەکردن لەگەڵ یانەکانی هەڵۆ و چەمچەماڵ وادەی یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی خولی پلە یەک دەستنیشان دەکرێت'.
هادی کەریم، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسەکە لەبارەی چارەنووسی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان گوتی 'بڕیارمان دا وەرزی رابردوو تەواو نەکرێت و ریزبەندیی دوایین گەڕی خولەکە پەسەند بکرێت و هیچ یانەیەکیش دانەبەزێتە ریزی پلە یەکەکان بە ئاراراتیشەوە'.