ترەمپ وادەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن ڕاگەیاند

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، 15ـی ئەم مانگە لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا دەکەن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) ڕایگەیاند "ڕۆژی هەینیی داهاتوو، 15ـی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبمەوە."

هاوکات کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و بڕیارە هەردوو سەرۆک، تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بکەن کە لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. 

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەبێت لە دوای کۆبوونەوەی جۆو بایدن و پوتن لە جنێڤ لە حوزەیرانی 2021.

 ترەمپ و پوتن دواجار لە ساڵی 2019 لە کۆبوونەوەی لوتکەی G20 لە ژاپۆن لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا پێکەوە کۆبوونەوە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵیشەوە چەندان جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 06ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لە مۆسکۆ لەگەڵ پوتن کۆبووەوە. ویتکۆف پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی کرد، بەڵام پوتن دانوستاندنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ڕەتکردەوە.

مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی کۆببێتەوە، بەڵام تەنیا لە "قۆناغی کۆتایی" دانوستاندنەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا، ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بهێنێت.  

 پێشتریش سێ خولی دانوستاندنی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوون، بەڵام هیچیان ئاگربەستیان لێ نەکەوتەوە؛ تەنیا بارمتەکان ئالۆگۆڕکران.