ئەمەریکا و قەتەر ڕەشنووسێکی نوێی ئاگربەست پێشکەشی حەماس و ئیسرائیل دەکەن
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی قەتەر، کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان تاوتوێ دەکەن.
دوو سەرچاوەی باڵای ئەمەریکی بە پێگەی "ئەکسیۆس"ـیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا؛ لەگەڵ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، کۆبوونەوەکەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی قەتەر، لە دوورگەی "ئیبیزا"ـی ئیسپانیا دەکرێت و تەوەری سەرەکی، تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسدا دەبێت.
پێگەی "ئەکسیۆس" باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا و قەتەر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، ڕەشنووسێکی نوێی ئاگربەستێکی گشتگیر پێشکەشی ئیسرائیل و حەماس دەکەن.
لەوبارەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بەو پێگە ئەمەریکییەی ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل لاری نییە لە ئاگربەستێکی گشتگیر کە کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان لەخۆ بگرێت، بەڵام ناکۆکییەکانمان لەگەڵ حەماس لەبارەی ئاگربەستەکە زۆرن. پێمانوایە، لەم کاتەدا گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێککەوتنێکی گشتگیر، هیچ سوودی نابێت."
لەبارەی پلانی 'کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی غەززە' بەرپرسە ئیسرائیلییەکە باسی لەوە کردووە، تا ئێستا هیچ وادەیەکیان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی غەززە دیاری نەکردووە و سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆش ڕێگر نابێت، ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسییەوە، ئامانجەکانی شەڕەکە بەدی بهێنرێن و دەرگای گفتوگۆکانی بە کراوەیی بەجێ هێشتووە.
هاوکات بەرپرسێکی حەماس بە کەناڵی "ئەلعەرەبییە"ـی سعوودی ڕاگەیاندووە، قەتەر و میسر پێشنیازێکی نوێیان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە ستیڤ ویتکۆف داوە و لەو بڕوایەدان، پێشنیازە نوێیەکە، ئەو خاڵە ناکۆکییەکانە ناهێڵێت کە لە ماوەی ڕابردوودا، بوونە هۆی تێکچوونی دانوستانەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی ڕۆژی هـەینی، 08ـی ئابی 2025، حکوومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.
لە وەڵامی بڕیارەکەی ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئەو پلانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە و دەرکردنی هەموو دانیشتووانەکەی پەسندی کردووە، تاوانێکی جەنگیی تەواوە. ئەمە درێژەپێدەری سیاسەتی جینۆساید، راگواستنی زۆرەملێ و ئەو کردەوە دڕندانانەیە کە دەچنە خانەی پاکتاوی ڕەگەزییەوە."
جەنگی غەززە کە لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، لە 23ـەمین مانگییەوە نزیک دەبێتەوە و ئیسرائیل پێداگریی دەکات کە دەبێت "بزووتنەوەی حەماس بە تەواوەتی تێک بشکێنرێت، بۆ ئەوەی ئازادکردنی ئەو بارمتانە مسۆگەر بکات کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن."
هێشتا 49 بارمتە لە کەرتی غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت 27 کەس لەوانە گیانیان لە دەست داوە. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 61 هەزار و 258 کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون.