وەزارەتی دەرەوەی لوبنان سەرکۆنەی لێدوانەکانی عەلی ویلایەتی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان سەرکۆنەی دەستێوەردانی ئاشکرای ئێرانی کرد لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەدا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، کە تێیدا دژایەتیی تارانی بۆ بڕیاری حکوومەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵای هاوپەیمانی دووپات کردەوە.

شەممە، 9ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، لە بەیاننامەیەکدا، دوا لێدوانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەرکۆنە کرد و بە دەستێوەردانێکی ئاشکرا و قبووڵنەکراو لە کاروباری ناوخۆی لوبناندا، لە قەڵەم دا.

ویلایەتی، کە یەکێکە لە دیارترین ڕاوێژکارەکانی عەلی خامنەیی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم ئەمڕۆ، شەممە، ڕایگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڵنیاییەوە دژی داماڵینی چەکی حزبوڵڵایە؛ ئێمە هەمیشە یارمەتی گەلی لوبنان و مقاوەمەمان داوە و بەردەوامین لەسەر ئەوە."

 لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی لوبناندا هاتووە "هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامن لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی گوماناوی لەسەر بڕیارە ناوخۆییەکانی لوبنان کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە؛ باشترە ئێران لەبری دەستوەردان لە کاروبارێکدا کە پەیوەندی پێوەی نییە، ئاوڕ لە کێشەکانی گەلەکەی خۆی بداتەوە و سەرنجی لەسەر دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانی بێت."

بەیاننامەکە جەختیشی کردەوە "ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادەین، دۆست بێت یان دوژمن، بە ناوی گەلی لوبنانەوە قسە بکات یان خۆی بە خاوەنی سەروەرییەکانی بزانێت."

لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە بەیروت، بانگهێشت کرد بۆ ڕوونکردنەوەی لێدوانەکانی سەبارەت بە داماڵینی چەکی حزبوڵڵا.

بانگهێشتکردنەکە، لەسەر بنەمای پۆستێکی ئەمانی بوو لە پلاتفۆرمی ئێکس، کە تێیدا پلانی داماڵینی چەکی حزبوڵڵای، کە بە ڕاشکاوی ناوی نەهێنابوو، بە پیلانگێڕییەکی ئاشکرا لەقەڵەم دابوو و نووسیبوی "ئەو دەوڵەتانەی ملکەچی داواکارییەکانی داماڵینی چەک بن، داگیردەکرێن و سەربەخۆییان لە دەست دەدەن."

بە گوێرەی میدیاکانی لوبنان، دوای بانگهێشتکردنەکە، موجتەبا ئەمانی، دۆسیەیەی چەکداماڵینی چەکدارانی حزبوڵڵای بە "کاروباری ناوخۆیی لوبنان" لە قەڵەم دا.

حکوومەتی لوبنان، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سوپای وڵاتەکەی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی پلانێک بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵ جێبەجێ بکرێت و حیزبەکەش ڕەتی کردەوە.

تاران، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "پشتگیریی هەر بڕیارێک دەکات کە حزبوڵڵا بیدات و بە ئاشکراش دژایەتیی خۆی بۆ پلانی چەکداماڵینی ئەو حزبە ڕاگەیاند."

 
Fly Erbil Advertisment