بۆ داگیرکردنی غەززە، ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی هەزاران کەس دا
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، کابینەی حکوومەتی ئیسرائیل پلانی "داگیرکردنی غەززە" پەسەند بکات کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشنیازکرابوو و لەلایەن ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی بچووککراوە 'کابینت'، پەسەندکرابوو.
بەگوێرەی کەناڵی 13ـی ئیسرائیل، چاوەڕوان دەکرێت حکوومەت بانگهێشتکردنی دەیان هەزار سەربازی یەدەگ پەسەند بکات، سەرەڕای ئەوەی، ئێوارەی دوێنێ هەزاران ئیسرائیلی و بنەماڵەی زیندانیانی گیراو لە غەززە دژی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی وێرانکراوی فەڵەستین ناڕەزایەتیان دەربڕی.
پلانەکە بەکارهێنانی بەرفراوانی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن لە چەند ناوچەیەکی غەززە لەخۆدەگرێت.
هەروەها داوای "دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە دەرەوەی ناوچەی شەڕ" دەکات، وەک پێشتر نووسینگەی ناتانیاهۆ بڵاویکردەوە. چاودێران ئەمەیان وەک پلانێک لێکداوە بۆ پاڵنانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و ئاوارەکردنیان بەرەو بەشی باشووری کەرتی غەززە.
سەرچاوەکان بۆ دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیلیان ئاشکرا کردووە، پلانەکە گەمارۆی غەززە دەدات و نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەگوازێتەوە بۆ ناوچە نوێیەکان کە لەناو کەرتی دامەزراون، لەگەڵ دامەزراندنی 12خاڵی دابەشکردنی خۆراکی زیادە. جگە لەوەش، پێشبینی دەکرێت هێزەکانی ئیسرائیل بە هێواشی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززە بکەن 'هەرچەندە نزیکەی 75%ی کەرتی غەززەیان کۆنترۆڵکردووە'. لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پلانی هێرشبەری دەستبەجێ جێبەجێ ناکرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی ئاکسیۆس هێشتا هێڵێکی کاتیی ورد بۆ دەستپێکردنی دیاری نەکراوە.