عراقچی: سبەی شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاوتوێکردنی دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانمان سەردانی تاران دەکات.

یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تێلێگرام) نووسیویەتی: سبەی دووشەممە شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات و بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی نێوانمان گفتوگۆ دەکەین.

دەشڵێت: لە شاندەکە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە دەبێت. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە کە شاندەکە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکات تاوەکوو دەگەنە ڕێککەوتنێک.

چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، گوتی: بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و نوێنەرانی ئاژانسەکە کراوە، بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکەن، بۆ تاوتوێکردنی دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانمان.

ڕوونیشی کردبووە، ئامانج لە سەردانی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان نییە و هیچ مۆڵەتێکیشیان لەو بارەیەوە پێ نادرێت.

ڕۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەکە بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

هەروەها پێشتر ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.

پێشتر بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، شاندێکی تەکنیکی ئاژانسەکە سەردانی تاران دەکات، بەمەش پێشبینی دەکرێت، هوا لیو، بەڕێوەبەری تەکنیکی ئاژانسەکە بچێتە تاران.