حەماس: ناتانیاهۆ پاساو بۆ تاوانەکانی دەهێنێتەوە و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدات

بزووتنەوەی حەماس وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت: ناتانیاهۆ بەردەوام پرسی ئازادکردنی بارمتەکان، وەک بیانوویەک بۆ درێژەدان بە داگیرکارییەکانی لە غەززە بەکار دەهێنێت، ئەوەی لەبیر چووە کە سوپاکەی هەزاران کەسیان کوشتووە. بزووتنەوەکە دەشڵێت: ناتانیاهۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کرد و لە دوایین گەڕی دانوستانەکان کشایەوە.

یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی ئەمڕۆی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لە هەوڵێکی نائومێدکەر زیاتر نییە بۆ بێبەریکردنی ئیسرائیل و سوپای وڵاتەکە، لە تاوانەکانی جینۆساید و برسێتی، کە بە هۆیەوە 18 هەزار منداڵ مردوون.

بزوونتەوەکە دەڵێت: ناتانیاهۆ، لە ڕێگەی لێدوانە پڕ لە چەواشەکانی، پاساو بۆ تاوانەکانی دەهێنێتەوە و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدات.

جەختی لەوەش کردەوە، بەکارهێنانی دەستەواژەی "ڕزگارکردنی غەززە" لە لایەن ناتانیاهۆوە، هەوڵێکە بۆ شێواندنی ئەو واقیعە داگیرکارییەی کە لە غەززە کردوویەتی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ناتانیاهۆ بەردەوام دەڵێت کە نایەوێت غەززە داگیر بکات، ئەمەش تەنیا فێڵێکە و ڕای گشتی پێ چەواشە دەکات، چونکە لەو ڕێگەیەوە پلانەکانی بۆ ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتووانی غەززە و داگیرکردنی کەرتەکە دەشارێتەوە.

باسی لەوەش کردووە، ناتانیاهۆ بەردەوام پرسی ئازادکردنی بارمتەکان، وەک بیانوویەک بۆ درێژەدان بە داگیرکارییەکانی لە غەززە بەکار دەهێنێت، ئەوەی لەبیر چووە کە سوپاکەی هەزاران کەسیان کوشتووە.

بزووتنەوەی حەماس، ئەوەشی خستەڕوو، ناتانیاهۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کرد و لە دوایین گەڕی دانوستانەکان کشایەوە، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گیانی بارمتەکان، ڕێککەوتنە نەک درێژەدان بە بۆردومان و گەمارۆدان.

بزووتنەوەکە لە بارەی قەیرانی خۆراک لە غەززە، ڕایگەیاند: بەهۆی برسێتییەوە 217 هاووڵاتی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەست داوە، لە نێوانیادا 100ـیان منداڵ بوون.

حەماس، دەشڵێت: "پێداگریی ناتانیاهۆ، لەسەر درێژەدان بە میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی دامەزراوەی نامرۆڤانەی غەززە، نزیکەی هەزار و 800 فەڵەستینی کوشتووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دابوو، حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، بۆیە ئێمەش درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە دەدەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کردبوو، نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین، هەروەها دەمانەوێت ئیدارەیەکی مەدەنی لە غەززە هەبێت.

جەختی لەوە کردبووەوە، حوکمڕانی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینیان لە غەززە ناوێت. گوتوبووشی: ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت.

 
Fly Erbil Advertisment