شێروان دووبەردانی: عێراق هەرگیز پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتن و بودجە نابێت و بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانوو دەگریت، دەشڵێت: نابێت هەرگیز لە ڕێککەوتنەکان متمانە بە بەغدا بکرێت. باسی لەوەش کرد، ئەگەر حکوومەتی عێراق گەندەڵییەکانی چارە بکات، ئەوا دابینکردنی بودجە پێویست بە فرۆشتنی نەوت نابێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: عێراق هەمیشە لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە قۆناغی جێبەجێکردنی لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە. جەختیشی کردووە، حکوومەتی عێراق نە پابەندی ڕێککەوتنە نە جێبەجێ کردنی بودجەیە.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژەشی دا، هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا بە هەموو مەرجەکانی عێراق ڕازی بووە، ئێستا عێراق داوای هەموو داهاتی نا نەوتی دەکات، ئەمەش جێگای قبووڵ کردن نییە، چونکە بەم شێوەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە، گوتیشی: عێراق داوای مانگانە 400 ملیار دینار دەکات، ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەوەندە داهاتی نا نەوتی هەبووایە، ئەوا پێویستی بە عێراق نە دەبوو، هەرێمی کوردستان مانگانە تەنیا بۆ بودجەی بەکارخستن پێویستی بە 120 ملیار دینارە.
باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق پرسی مووچەی بە سیاسیی کردووە و چارەنووسی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان خستووەتە مەترسییەوە.
لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت گوتی: پرسی نەوت لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەرەوپێشچووە، بە شێوەیەک گەیشتوونەتە قۆناغی کارکردن لەسەر ڕێکارەکانی چۆنیەتی ناردنی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە. ڕوونیشی کردووە، سەرەڕای بەرەوپێشچوونەکان، بەڵام متمانە بە بەغدا ناکڕیت، چونکە ڕەنگە بیانووی دیکە بدۆزێتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بە داهاتی دامودەزگاکانی خۆی، پارێزگاکان، سنوورەکان و دەروازەکان بکات و گەندەڵییەکان چارە بکات، ئەوا عێراق بۆ دابینکردنی بودجە پێویستی بە فرۆشتنی نەوت نابێت.