زێلێنسکی: مۆسکۆ واشنتن فریو دەدات

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی چەواشەکردنی واشنتن دەدات، ئەمەش تەنیا چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی لە ئەلاسکا.

زێلێنسکی ئێوارەی یەکشەممە لە وتاری ڤیدیۆیی ڕۆژانەی خۆیدا گوتی: ئێمە لە نیازی ڕووسیا تێدەگەین کە هەوڵی فریودانی ئەمەریکا دەدات. ئێمە ڕێگە بەم کارە نادەین.

لە وتارەکەیدا، زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا ئیرادەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەرز دەنرخێنێت، بەڵام تاکە هۆکاری بەردەوامبوونی شەڕەکان لە ئۆکرانیا، خواستی پوتن بووە بۆ دەستپێکردنی شەڕ. زێلێنسکی باسی لەوەش کرد، هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕەتدەکاتەوە کە ئیمتیازاتی خاکی تێدابێت و جەختیشی لەوەش کردەوە "بە دڵنیاییەوە بەرگریی لە دەوڵەتداری و سەربەخۆیی خۆمان دەکەین".

ئەوەشی خستە ڕوو، پشتگیرییەکی ڕوون بۆ ئەو بنەمایە هەیە کە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئۆکرانیا هەیە دەبێت بە بەشداری ئۆکرانیا بڕیاری لەسەر بدرێت.

ترەمپ و پوتین هەینی داهاتوو لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە و دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە ململانێکان چارەسەری ئەگەری شەڕی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن. زێلێنسکی بانگهێشت نەکرابوو بۆ کۆبوونەوەکە.

ماسیۆ ویتاگەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ناتۆ دوێنێ یەکشەممە بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، بانگهێشتکردنی زێلێنسکی بۆ دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕەت ناکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک ترەمپ بڕیارەکە دەدات.

لای خۆیەوە کایا کاڵاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، پێش دانوستانەکانی داهاتووی ئەمەریکا و ڕووسیا کۆنفرانسێکی تایبەت لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت.

کاڵاس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەنیازە ئەمڕۆ دووشەممە هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ بکات، بەو پێیەی "بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئەورووپا لە مەترسیدایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا دەبێت ئۆکرانیا و یەکێتی ئەورووپا بگرێتەوە، چونکە بابەتی ئاسایشە بۆ ئۆکرانیا و ئەورووپا بە گشتیی.

گوتیشی: نابێت پاداشتی دەستدرێژی ڕووسیا بدرێتەوە و "ئەو خاکانەی کە ڕووسیا بە شێوەیەکی کاتی داگیریان کردووە سەر بە ئۆکرانیان".

کاڵاس داوای لە ئەمەریکا کرد، کاریگەرییەکانی خۆی بۆ پاڵنانی ڕووسیا بۆ دانوستانە جدییەکان بەکاربهێنێت و هۆشداریشیدا لەوەی مۆسکۆ تەنیا کاتێک دەستدرێژیی خۆی ڕادەگرێت کە هەست بکات چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment