ئیسرائیلییەکان: قاهیرە وەک غەززە لێدەکەین

پارێزگاری سینای میسر، هەر وڵاتێک بیر لە نزیکبوونەوەی سنوورەکانی میسر بکاتەوە, بە وەڵامدانەوەمان جیهان شۆک دەکەین

جەنەڕاڵ خالد مێگاوەر، فەرماندەی سەربازی میسر، کە پۆستی پارێزگاری باکووری سینا بەدەستەوەیە، ڕایگەیاند، ئەگەر هەر وڵاتێک بیر لە نزیکبوونەوەی سنوورەکانی میسر بکاتەوە ئەوا بە وەڵامدانەوەمان هەموو جیهان شۆک دەکەین.

لە میانی دیدارێکدا لە نزیک دەروازەی ڕەفەح، لە وەڵامی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان میسر و ئیسرائیل، خالد مێگاوەر،  پارێزگاری سینای باکووری میسر گوتی: میسر لاواز نییە و بە تەواوی دەزانێت چی دەڵێت، چونکە ماوەی 41 ساڵە لە سوپای میسردا خزمەتی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەمووان هێزی میسر دەناسن، بۆیە کەس ناوێرێت لێی نزیک بێتەوە و تەنانەت بیریشی لێبکاتەوە.

خالد مێگاوەر، جەختی لەوە کردەوە، گۆڕانکارییەکی ڕوون لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین هەیە و گوتی: دەوڵەتی میسر سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی دیدگای خۆی لەسەر بنەمای پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ. 

جەختیشی کردەوە "جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی میسر پێشکەشی کردووە و ئەوەی ئیسرائیل کردوویەتی". 

دەشڵێت: میسر لە سەرەتای شەڕی غەززەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە و هەر جۆرە ئاوارەبوونی فەڵەستینیەکان لەسەر خاکی خۆیان ڕەتکردووەتەوە. ڕوونیشیکردەوە، دەوڵەتی میسر بەشێوەیەکی گشتیی و شەفاف هاوکاریی مرۆیی پێشکەش کردووە و بەردەوامیشی هەیە.

پارێزگاری سینا باسی لەوەش کرد، هەر سەرکەوتنێک کە دەوڵەت بەدەستی دەهێنێت ڕووبەڕووی دەنگۆی جیاواز دەبێتەوە، بەڵام هۆشیاری و متمانەی میسرییەکان بە دەوڵەتەکەیان وایان لێدەکات زیاتر ئاگاداری گەورەیی ئەو هەوڵانە بن کە دەدرێن.

خالد مێگاوە، ڕاشیگەیاند، هیچ کەسێک لە جیهاندا ناتوانێت وەک میسر بێت، جا چ مرۆیی بێت یان سیاسی.

لە بەرامبەردا هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە پلاتفۆڕمی ئێکس وەڵامی خالدیان داوەتەوە و نووسیویانە؛ ئەگەر بمانەوێت قاهیرە وەک غەززە لێدەکەین.