وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکەی بالکەسیری ڕاگەیاند
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بالکەسیر، هاووڵاتییەک گیانی لە دەست داوە و زیاتر لە 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی بالکەسیر، هاووڵاتییەکی تەمەن 81 ساڵ گیانی لە دەست داوە و لانیکەم 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد)، نزیکەی کاتژمێر 07:53 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بوومەلەرزەیەک ناوەندی شارۆچکەی سندرگی لە سنووری پارێزگای بالکەسیری تورکیای هەژاند؛ دوای ئەو بوومەلەرزەیەش، زیاتر لە 15 پاشلەرزە تۆمار کراون.
سەرحان ساک، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سندرگی لە پارێزگای بالکەسیر، ڕایگەیاند، زیاتر لە 10 باڵەخانە و مزگەوت لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە وێرانبوون و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش توانیویانە چەندان هاووڵاتی کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردبوو، ڕزگار بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی بوومەلەرزە کرد و ڕایگەیاند "هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە گرتووەتەبەر."
ئەم بوومەلەرزەیە لە کاتێکدایە، سەرەتای حوزەیرانی ڕابردووش، لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، ئافرەتێک گیانی لە دەست دا و 69 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە و ساڵانە چەندان بوومەلەرزەی بەهێز لێی تۆمار دەکرێن.
لە بەرەبەیانی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 به پلەی ڕێختەر توركیا و باکووری کوردستانی هەژاند. هێزی بوومهلهرزهكه لە باشووری کوردستان و سووریا، میسر، یۆنان، ئێران و چهند وڵاتی دیكهی ناوچهكه ههستی پێكرا، بەهۆیەوە نزیکەی 53 هەزار کەس گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.