سووریا.. پچڕانی کارەبا لە هەندێک شوێن دەگاتە 20 کاتژمێر

حکوومەتی سووریا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوردەکردنی غاز لە ئازەربایجانەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بۆ نزیکەی 10 کاتژمێر زیاد بکات. 

قەیرانی کارەبا لە سووریا بەردەوامە؛ کاتژمێرەکانی پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچە دەگاتە زیاتر لە 20 کاتژمێر. ئەمەش دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی خراپتر کردووە، بەتایبەتی کە پلەکانی گەرما زۆر بەرزن.

محەممەد حومسی، هاوڵاتییەکی شاری حومسی سووریایە و لەبارەی پچڕانی کارەبا دەڵێت: "ئێستا لە ڕۆژێکدا تەنها سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبامان هەیە. بەڵێنیان پێداین کە لە ڕۆژێکدا بیکەنە 10 کاتژمێر، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکراوە."

هاوڵاتیی عەلی ڕەحموونیش باس لەوە دەکات: "لە ڕۆژێکدا، کارەبا تەنیا یەک کاتژمێر یان کاتژمێر و نیوێک دێت. بەهۆی بێ کارەباییەوە، ژیانمان هەمووی تێکچووە."

وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، حکوومەتی سووریا هەوڵ دەدات غاز لە ئازەربایجانەوە هاوردە بکات؛ بە گوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، ئەگەر غازەکە هاوردە بکرێت،  دەتوانن ڕۆژانە تا 10 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن. 

غیاس دیاب، جێگری وەزیری وزەی سووریا دەڵێت: "قەبارەی غازی ئازەربایجان کە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ سووریا هاوردە دەکرێت، دەگاتە 3.4 ملیۆن مەتری سێجا. بەم قەبارەیە، دەتوانین ڕۆژانە زیاتر لە پێنج کاتژمێر کارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان بدەین."

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، حکوومەت بەردەوام هەوڵی داوە کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ هاوڵاتییان زیاد بکات. ئێستا ڕۆژانە تەنیا پێنج بۆ شەش کاتژمێر کارەبا هەیە و لە پلانی حکوومەتدا هەیە بۆ 10 کاتژمێر زیاد بکرێت.