مەجید تەختڕەوانچی: ئێران بەمەرج ڕازیی دەبێت بەرنامە ئەتۆمیەکەی سنووردار بکرێت

مەجید تەختڕەوانچی
مەجید تەختڕەوانچی

ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیووە کە رازی بێت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام بەومەرجەی تەواوی سزاکانی سەر هەڵبگیرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتن پیویستی بە گەرەنتیەوە هەیە.

دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئێران ئامادەیە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو قبوڵ بکات، بەڵام بەومەرجەی ئەمەریکا تەواوی سزاکانی سەری هەڵبگرێت.

مەجید تەختڕەوانچی، ئاماژەی بەوەش دا، دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەستە بە گەرەنتیکردنی ئەوەی جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گفتوگۆ دەکات.

دوێنێ یەکشەممە،  عەباس عراقچی، ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ جێگری گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گفتوگۆ دەکەین سەبارەت بە شێواز و مامەڵەکردنی تازە."

عراقچی پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە سەردانەکەی جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسەکە بۆ ئێران هیچ پشکنینێک ناکرێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە 2ـی تەمموزی ڕابردوودا، یاسایی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم واژۆ کرد، ئەمەش دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا بوو، کە واشنتن هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment