ئالووسی هۆشداری لە سزادانی عێراق دەدات.. "لاریجانی بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە بەغدایە"

سیاسەتمەدارێکی عێراقی باس لەوە دەکات، عەلی لاریجانی بە مەبەستی ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی هاتووەتە بەغدا و دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، "ئەمریکا بە توندی عێراق سزا دەدات و کارەسات ڕوودەدات."

میسال ئالووسی، سیاسەتمەدار و دامەزرێنەری حزبی 'ئوممە'ی عێراقی، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئابی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24، کە لەلایەن سنوور ئالانییەوە پێشکەش کرا؛ باسی لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، سەردانی عەلی لاریجانی بۆ بەغدا، هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ سزادانی عێراق و چەند بابەتێکی دیکە کرد.

ئامانجی سەردانەکەی لاریجانی بۆ عێراق

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی گەیشتووەتە عێراق. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لاریجانی بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتە نوێکانی ناوچەکە گەیشتووەتە عێراق و دواتر سەردانی لوبنانیش دەکات.

ئالووسی پێی وایە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی لاریجانی بۆ بەغدا "دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبییە" و بۆ ئەم مەبەستەش فشار لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات. باسی لەوەش کرد، سەردانەکە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەو لایەنەی حەشدی شەعبی فەرمانی لێ وەردەگرێت "عێراقی نییە"، وەک چۆن حزبوڵڵای لوبنانیش فەرمان لە حکوومەتی لوبنانەوە وەرناگرێت.

ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەش کرد "مەرجەعییەتی سیستانی، مەرجەعییەتی نەجەف و مەرجەعییەتی سەدر، ئەمانە مەرجەعییەتی عێراقین و پڕۆژەیاساکەی حەشدی شەعبی ڕەت دەکەنەوە. حەشدی شەعبی و گرووپەکانی، شوێنکەوتەی مەرجەعییەتی ویلایەتی 'فەقیهن' کە مەرجەعییەتێکی عێراقی نییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە فەرمان لە دەرەوەی وڵات وەردەگرن."

دامەزرێنەری حزبی 'ئوممە'ی عێراقی دووپاتی کردەوە "ئێمە دەمانەوێت کراوە بین بەرانبەر ئێران و پەیوەندیی باشمان لەگەڵی هەبێت، بەڵام پەیوەندیی شەڕمان ناوێت و نامانەوێت عێراق ببێتە ئامراز و گۆڕەپانی شەڕە شکستخواردووەکانی ئێران. هیوادارم حکوومەتی عێراق ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەوەی پێی دەگوترێت 'ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نوێ لەگەڵ ئێران' بدات."

سزاکانی ئەمریکا لە ئەگەری پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی

ئالووسی هۆشداری دا، لەدوای شەڕە 12 ڕۆژییەکەی ئیسرائیل و ئێران، "ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئێران وەک یاریزانێکی هەرێمی، بۆ داگیرساندنی ناوچەکە لە ڕووی سەربازییەوە و دروستکردنی شەڕ؛ ئەمە جۆرێکە لە شێتی و عێراق پێویستی پێی نییە."

بەگوتەی سیاسەتمەدارە عێراقییەکە، "پرسی دەرکردنی یاسایەک بۆ حەشدی شەعبی هەوڵێکە بۆ دڵنیابوونەوەی ئێران لەوەی کە ئەم گرووپانە دەتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتنی بودجە. ئێمە باس لە دوو بۆ سێ ملیار دۆلار دەکەین، واتە چەندین جار زیاتر لە بودجەی هەرێمی کوردستان. باس لە بودجەیەکی زەبەلاح دەکەین کە هەمووی بۆ سەرچاوەی نادیار دەڕوات."

لەبارەی ئەگەری سزادانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ئالووسی گوتی: "ترسەکە لە سزای ئەمریکی بۆ سەر سیاسەتمەداران نییە، بەڵکو ترسەکە ئەوەیە سزاکە بخرێتە سەر دەوڵەت و هاووڵاتیی عێراقی باجەکەی بدات. سیاسەتمەدار ئێستا ملیارەها دۆلاری هەیە لە ڤییەنا، ئیمارات، لوبنان و شوێنی تر، بەڵام هاووڵاتی باجەکەی دەدات لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو ئاشتی و لێکتێگەیشتن دەڕوات. تەنانەت ئێستا لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا سوپرایزێکی گەورەمان هەیە و بەرەو ئاشتی دەڕۆن، کەچی ئێران بەرەو شەڕ دەڕوات. من پێم وایە عێراق بەرگەی سەختیی سزاکانی ئەمریکا ناگرێت و کارەسات ڕوودەدات."

ئالووسی پێی وایە "ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی سەقامگیری دەوێت و شەڕی ناوێت". گوتیشی: "ئیسرائیل خەریک بوو لە عێراق بدات و ڕەنگە بیەوێت لێ بدات. کێشەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و مووشەکەکانی و حیزبوڵڵایە، بەڵام ئەگەر ئەم یارییە بەردەوام بێت، ڕەنگە هەموو عێراق بخرێتە ناو شەڕێکەوە کە پێویستمان پێی نییە."

"گرووپە چەکدارەکان لە سەرووی یاساوەن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن"

سیاسەتمەدارە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ساڵی 2014ـەوە، کاتێک حەشدی شەعبی دامەزرا، تا ئێستا ئەزموونێکی سەختمان هەبووە. گرووپەکانی سەر بە حەشد دان بە یاسادا نانێن و ئەوانەن کە دوای هەڵبژاردنەکان کودەتایەکی سیاسییان ئەنجامدا. ئەم گرووپانە، لەو ناوچانەی دەسەڵاتیان هەیە، ماددەی هۆشبەر بەرهەم دەهێنن، بازرگانیی پێوە دەکەن و یاسا پێشێل دەکەن."

ئالووسی جەختی کردەوە "ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانە لە سەرووی یاسا و هێزە چەکدارەکانەوەن. دەستەواژەی 'فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان'، لەگەڵ ڕێزمدا بۆ بەڕێز سوودانی، دەستەواژەیەکی تیۆرییە و هیچ بەهایەکی نییە. ئەم گرووپانە باڵی درێژی ئێرانن لە عێراق، وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، و باڵی ستراتیژیی سەربازیی ئێرانن لە هەوڵێکدا بۆ سەربازیکردنی ناوچەکە و خستنە ناو شەڕەوە."