عەزیز ئەحمەد: هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکیەوە کێشەی کارەبای چارە کردووە
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کێشەی کارەبای چارە کردووە، بۆیە بۆ چاککردنەوەی کارەبای عێراق ئامادەیە هەر هاوکارییەک پێشکەش بکات.
دووشەممە 11ـی ئابی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کارەبای عێراق بە تەواوی کوژاوەتەوە، جگە لە کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەو کێشەیەش بەردەوام دەبێت تاوەکوو کێشەی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی کارەبا لە ڕیشەوە چارە نەکرێن.
ئاماژەشی داوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی دەستپێشخەرییەک بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، ڕێکخستنی داواکارییەکان، باسی لەوەش کردووە، بۆ ئەوەی عێراق کێشەی کارەبا چارە بکات دەبێت هەمان سیستەم پەیڕەو بکەن.
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چارەکردنی کێشەی کارەبای عێراق هاوکار بێت، هەر وەکوو ئەوەی ئێستا ئەو کێشەیەمان لە هەرێمی کوردستان چارە کردووە. بۆ ئەمەش وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆ دایە، بۆ ئەوەی هەر هاوکارییەکی تەکنیکی بۆ چاککردنەوەی کارەبای عێراق بە زووترین کات پێشکەش بکات.
پێشتر وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی دابین کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بەمەش لەگەڵ فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، زۆرینەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری دەگات. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.
هەرروەها، زیاتر لە دوو هەزار و 517 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026ـیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە.