ڕۆژنامەیەک: ئۆکرانیا ئامادەیە دەستبەرداری ئەو خاکە بێت کە ڕووسیا کۆنترۆڵی کردووە

کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی (وێنە: AFP)
کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی (وێنە: AFP)

بە گوێرەی ڕۆژنامەیەک، ئۆکرانیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لەو خاکەی کە لە لایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام قبووڵی ناکات دەستبەرداری هیچ پارچەیەکی دیکەی خاکەکەی بێت.

ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە سەرکردە ئەورووپییەکان کردووە هەر پێشنیازێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ پرۆسەی چارەسەری ڕەتبکەنەوە ئەگەر ئۆکرانیا ناچار بکات دەستبەرداری خاکی زیاتر بێت، لە بەرانبەردا ڕێگە بە ڕووسیا بدرێت لەو ناوچانە بمێنێتەوە کە "داگیری کردوون".

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەم داواکارییەی سەرۆکی ئۆکرانیا بە واتای سڕکردنی هێڵی بەرەکانی جەنگ دێت وەک خۆی و ڕێگە بە ڕووسیا دەدات ئەو ناوچانەی پێشتر لە هەرێمەکانی لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا، خێرسۆن و نیمچەدوورگەی کریمیای داگیر کردوون، لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بهێڵێتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم نەرمنواندنەی سەرۆکی ئۆکرانیا بە مەبەستی ئاسانکارییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆ، پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا.

ڕۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، دۆناڵد تسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتینەوە ڕایگەیاند: "نیگەرانیی زۆرم هەیە و هیواشم زۆرە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە پێش گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان ترەمپ و پوتین، ڕاوێژ بە سەرکردە ئەوروپییەکان بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی هەینیی داهاتوو، 15ی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، کۆدەبمەوە.

دوای ئەوەی ترەمپ وادەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین ڕاگەیاند، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتی: "ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ هەر بڕیارێکی ڕاستەقینە کە ئاشتی بەرقەرار بکات؛ هەر بڕیارێک دژی ئێمە و بەبێ ئۆکرانیا بدرێت، بڕیارێکی دژی ئاشتییە و هیچ ئەنجامێکی نابێت. هەموومان پێویستمان بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە هەیە، ئاشتییەک کە خەڵک ڕێزی لێ بگرن."

سەرۆکی ئۆکرانیا لەو پەیامەیدا ڕەتیکردووەتەوە دەستبەرداری هیچ پارچەیەکی خاکی وڵاتەکەی بێت بۆ ڕووسیا و گوتوویەتی: "ئۆکرانیا ناتوانێت دەستوور پێشێل بکات و هیچ پارچەیەکی خاکەکەمان ڕادەستی داگیرکەران ناکەین." هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە: "ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و هەموو هاوبەشەکانمان بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە و لە هەمووی گرنگتر، ئاشتییەکی بەردەوام، پێکەوە کار بکەین؛ ئاشتییەک کە بەهۆی خواستەکانی مۆسکۆوە نەڕووخێت."

مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی کۆ ببێتەوە، بەڵام تەنیا لە "قۆناغی کۆتایی"ی دانوستاندنەکان.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا بهێنێت.

پێشتریش سێ خولی دانوستاندنی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوە چوون، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست؛ تەنیا بارمتەکان ئاڵوگۆڕ کران.