هەولێر.. ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حکوومی دابەش دەکەن زیاد کرا

قایمقامی ناوەندیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو بەنزینخانەیان زیاد کردووە کە بەنزینی حکوومی دابەش دەکەن. وەکوو خۆی گوتی، ئەم هەنگاوە نرخی بەنزینی هەرزان کردووە و قەرەباڵغیشی لە بەنزینخانەکان کەم کردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 12ی ئابی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشتر ئەو شوێنانەی بەنزینی حکوومییان دابەش دەکرد، ژمارەیان 12 بەنزینخانە بوو، ئەمەش قەرەباڵەخییەکی زۆری دروست کردبوو. ئێستا ژمارەی بەنزینخانەکانمان کردووەتە 32 بەنزینخانە، تاکوو هاووڵاتییان بە ئاسانی بتوانن بەنزینی حکوومییان بە نرخی پێشووتر دەست بکەوێت."
قایمقامی ناوەندیی هەولێر گوتیشی: "لە شاری هەولێر جگە لە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، بەنزینی نۆرماڵی حکوومیش هەیە و نرخی یەک لیتر بە 750 دینارە، بەڵام بە نۆرە دابەش دەکرێت. هەفتەی ڕابردوو دابەشکردنی ئەو بەنزینە بۆ 14 تانکەر کەم کرابووەوە، بەڵام ئێستا 26 تانکەر دابەش دەکرێت."
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید "ئەمڕۆ لە 32 بەنزینخانەی شاری هەولێر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت، ئەوەش وای کردووە جگە لە دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی، قەرەباڵغی سەر بەنزینخانەکانیش کەم ببێتەوە. نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتی بەرزی نۆرماڵی بازرگانی بۆ نزیکەی 885 دینار دابەزیوە."