چوارەم کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی بۆ کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات

لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لەنێو نەوەی نوێی کوردانی تاراوگە، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوازی ئۆنلاین بۆ کوردستانییانی دەرەوەی وڵات کردووەتەوە.

لاورا و کارلۆس چیچۆ، دوو خوشک و برای بەشداربووی کۆرسەکە و دانیشتووی ئەڵمانیان، حەزی خۆیان بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەردەبڕن. لاورا دەڵێت: "حەز دەکەم ئەگەر ڕۆیشتمەوە بۆ کوردستان، بتوانم بە کوردی قسە بکەم و بنووسم." ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی کە لەگەڵ نیشتمانی دایکدا هەیانە، سەرەڕای دووریی جوگرافی.

چیچۆ سیوەمیلی، باوکی منداڵەکان و چالاکوانێکی کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و گوتی: "وەک دایک و باوک، لە ئەستۆی ئێمەدایە کە منداڵەکانمان فێری زمانی کوردی بکەین." ناوبراو پێی وایە فێربوونی زمانی کوردی نەک هەر بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گرنگە، بەڵکو یارمەتیدەریشە بۆ ئەوەی منداڵانی کورد بتوانن بە شێوازێکی کوردانە خزمەت بەو وڵاتانەش بکەن کە تێیدا نیشتەجێن.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2022ـەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوکاریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەستی پێکردووە و فێرکردن بە هەر سێ زاراوەی سۆرانی، بادینی و کرمانجی لەخۆ دەگرێت. تا ئێستا سێ کۆرس بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون و هەزاران هاونیشتمانی لە سەرتاسەری جیهان سوودیان لێ بینیوە. بڕیارە کۆرسی چوارەم لە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 دەست پێبکات.

تایبەتمەندییەکانی کۆرسەکە:

- قوتابیان بڕوانامەی فەرمی وەزارەتی پەروەردە وەردەگرن.

- بوونی مامۆستایانی کارامە و لێهاتوو.

- ⁠وانەکان بە هەرسێ شێوەزار: سۆرانی، بادینی، کرمانجی دەخوێندرێن .

لە ڕابردوودا 1000 هاونیشتیمانی بەشداری کۆرسەکانیان کردووە و بڕوانامەی وەزارەتی پەروەردەیان پێبەخشراوە.

تۆمارکردن: کوردستانییان لە هەر وڵات و شارێکی جیهان، لە رێگەی ئەم لینکە kurdistanidc.org/ziman دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment