پێش کۆبوونەوەکەی ئالاسکا؛ پوتن و کیم جۆنگ ئون جەختیان لە پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوانیان کردەوە
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
ئەم پەیوەندییە چەند ڕۆژێک پێش لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان پوتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئالاسکا دێت؛ کە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 15ـی ئابی 2025، بەڕێوەبچێت.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمیی کۆریا بڵاویکردووەتەوە، شەوی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، پوتن و کیم "لە کەشێکی ئارام و دۆستانەدا" بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و "ئامادەیی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان لە داهاتوودا" دووپاتکردووەتەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیاش (کرملین) لە ڕاگەیەنراوێکدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە پوتن "زانیاری لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا ئاڵوگۆڕ کردووە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی داهاتووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا."
ئەم پەیوەندییە سێ ڕۆژ پێش لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان پوتن و ترەمپ دێت، کە یەکەم لوتکەی نێوان سەرۆکێکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا دەبێت لە ساڵی 2021ەوە. ترەمپ هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.
پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور لە ساڵانی دواییدا پتەوتر بوون، بەتایبەتی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەش لە ساڵی ڕابردوودا کاتێک پوتن سەردانی ئەو وڵاتە دابڕاوەی کرد.
کۆریای باکوور هەزاران سەربازی ڕەوانەی هەرێمی کورسکی ڕووسیا کردووە، جگە لە چەک و تەقەمەنی بۆ پشتیوانیکردنی لە جەنگەکەی دژی ئۆکرانیا. کیم لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە مانگی ڕابردوودا، پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ جەنگەکە دووپاتکردەوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار پشتڕاستیکردەوە کە کەتیبەیەکی سەربازانی لەسەر هێڵی پێشەوەی جەنگ لە ئۆکرانیا بڵاوەپێکردووە شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیا.
ئاژانسە هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە کە پیۆنگیانگ زیاتر لە 10 هەزار سەربازی لە ساڵی 2024دا ڕەوانەی هەرێمی کورسک کردووە، لەگەڵ گولـلەهاوەن، مووشەک و سیستەمی مووشەکیی دوورهاوێژ.