دروستکردنی کەناڵێکی ئاو بۆ گەیاندنی ئاوی دیجلە بە بەنداوی دهۆک لە قۆناغی کۆتاییدایە

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگ لە پارێزگای دهۆک کە بریتییە لە دروستکردنی کەناڵێکی ئاو بۆ گواستنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ بەنداوی دهۆک، لە قۆناغەکانی کۆتایی کارکردنیدایە. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها ئاسایشی ئاو بۆ ناوچەکە دابین دەکات، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی گەشتیاریش سوودی لێ وەردەگیرێت.

کەناڵەکە، کە درێژییەکەی 1200 مەترە، لە گوندی پیرۆمەراوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بەنداوی دهۆک. ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 79 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

سەعدوڵا سەعید، ئەندازیاری پڕۆژەکە، لە لێدوانێکدا بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە گەیاندنی ئاوی ڕووباری دیجلەیە بۆ بەنداوی دهۆک، کە هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ بەنداوەکە و لە داهاتووشدا دەبێتە پڕۆژەیەکی گەشتیاری." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە درێژیی پڕۆژەکە نزیکەی 1200 مەترە و ئێستا کارەکانی لە قۆناغی کۆتاییدایە.

جگە لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ بەنداوی دهۆک، ئەم کەناڵە بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش. بڕیار وایە هاووڵاتییان و گەشتیاران بتوانن سەردانی ئەم کەناڵە بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەدا، بڕیارە هەردوو لای کەناڵەکە دار و سەوزایی لێ بچێنرێت، کە ئەمەش جوانییەکی زیاتر بە ناوچەکە دەبەخشێت.

لەلایەکی دیکەوە، هێژا عەبدولواحید، بەڕێوەبەری ئاودێری لە پارێزگای دهۆک، جەختی لەسەر گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەکە کردەوە و گوتی: "ئەم کەناڵە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر بۆ گواستنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ بەنداوی دهۆک کە درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت."

تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئاسایشی ئاوی پارێزگای دهۆک دەبێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئاستی ئاوی بەنداوەکە کەم دەکات. هاوکات، بوونی شوێنێکی نوێی گەشتیاری دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment