عێراق.. قەیرانی ئاو هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دانی بەوەدا ناوە کە وڵاتەکە چووەتە قۆناغێکی مەترسیداری کەمیی ئاوەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەدەگی ستراتیژی ئاو بۆ کەمتر لە (10) ملیار مەتر سێجا کەمیکردووە. ئەم قەیرانە دوای چەندان ساڵ لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان دێت کە لە وڵاتانی دراوسێوە سەرچاوە دەگرن، هاوکات پسپۆڕان؛ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە هۆکاری سەرەکی دەزانن بەهۆی شکستهێنانیان لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسە چارەنووسسازە.

کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ

کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە داناوە و واقیعێکی سەختی بەسەر کەرتی کشتوکاڵدا سەپاندووە. ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی پلانی کشتوکاڵی زستانە، بەتایبەتی بۆ بەروبوومە ستراتیژییەکانی وەک گەنم و جۆ.

لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان

شارەزایانی بواری ئابووری و کاروباری عێراق هۆشداری دەدەن لەوەی کە لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە زۆر بەرفراوانتر دەبن و چەندان کەرتی دیکەش دەگرێتەوە، لەوانە:

1-ئاوارەبوونی گوندنشینان: بەهۆی وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەناوچوونی سەرچاوەی بژێوییان.
2-دابەزینی سامانی ماسی: کەمبوونەوەی ئاو لە ڕووبار و دەریاچەکاندا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی ئاژەڵە ئاوییەکان.
3-کەمبوونەوەی وزەی کارەبای ئاوی: بەنداوەکان ناتوانن وەک پێویست کارەبا بەرهەم بهێنن.
4-دروستبوونی بۆشایی خۆراک: پێشبینی دەکرێت عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر خۆراک هەبێت کە تێچووەکەی بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.
5-زیادبوونی فشار لەسەر ئابووری: هاوردەکردنی خۆراک کورتهێنانی بازرگانی زیاتر دەکات و فشار لەسەر یەدەگی دراوی بیانی دروست دەکات.
6-شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیاتر لە سەدا 20ـی ئابووری نیشتمانیی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە.

بەرپرسیارێتی حکوومەت

پسپۆڕان حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە بەرپرسیاری سەرەکی ئەم قەیرانە دەزانن، بەهۆی کەمتەرخەمی گەورەیان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو. گرنگترین خاڵەکانی شکستپێهێنانی حکوومەت بریتی بوون لە:

1-دانەڕشتنی پلانێکی تۆکمە بۆ ئاودێری مۆدێرن. 

2-شتگوێخستنی کشتوکاڵی زیرەک و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کەمکەرەوەی بەکارهێنانی ئاو.
3-شکستهێنان لە هاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیاکانی پاشەکەوتکردنی ئاودا.